Rojnus

RojnusGallery

تکا

تکایه بابه‌ته‌کانی نوێی ڕۆژنوس، له ماڵپه‌ڕی نوێ دا بخوێننه‌وه

RojnusGallery

فڕۆکه

چوارشه‌ممه 5.7.2006
ئه‌وڕۆ پوری هاوسه‌رم ده‌یه‌ویست بچێته‌وه کۆیه. برای خێزانم ده‌یه‌ویست له‌دوی بێت و به‌ڵام وام پێ باش بو خۆمان بڕۆین و به‌خێرهاتنی خوشکێکی تری هاوسه‌رم که له سویده‌وه هاتووه بکه‌یین. کۆیه‌مان لێ بۆته ڕێی سه‌راوێ!! هه‌مو که‌ند و قوڵی جادده‌که‌ی وه‌ک ڕێگای قه‌ڵادزه فێر بووم. کاتژمێر 18:00 وه‌ڕێکه‌وتین و 23:30 گه‌ڕاینه‌وه.
بنه‌ماڵه‌ی خوشکی خێزانم به فڕۆکه هاتبونه‌وه. له نه‌دانی خوارده‌مه‌نی و ...ناو فڕۆکه به گله‌یی بون. وتم کوردوستان سه‌ره‌ڕای هه‌مو که‌م و کوڕیه‌کانی، ڕۆژ به ڕۆژ له گۆڕانی به‌رچاو دایه. به‌سه‌ر هاتی دۆستێکم بۆ گێڕایه‌وه که چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ستۆکهۆڵمه‌وه هاتبو بۆ کوردستان. ئه‌یگێڕاوه:"سواری فڕۆکه بویین. شوێنی من گیرابو. وتم براکه‌م ئێره جێی منه، وتی: ده‌زانم به قوربان، به‌ڵام جێگای منیشیان گرتووه. خۆت شوێنێکی به‌تاڵ بدۆزه‌وه و دانیشه!!! دانیشتم و نێزیکه‌ی سێ چاره‌گ له ناو فڕۆکه دا چاوه‌ڕێ بویین تا وه‌ڕێ که‌وێ، پاش وه‌ڕی که‌وتن، نه‌یده‌توانی وه هه‌وا که‌وێ!! چه‌ند ده‌ورێکی له فڕۆکه‌خانه دا و هه‌وڵی به‌رده‌وامی فڕۆکه‌وان ئاکامی نه‌بو. وتیان ئه‌وانه‌ی له پێشه‌وه دانیشتوون بڕۆنه پشته‌وه تاکو پێش فڕۆکه سوک بێ و بتوانێ هه‌ستێ!! چه‌ند ڕه‌دیفی پێشه‌وه چونه پشته‌وه و به پێوه بون و به هه‌زار ئه‌للا ئه‌للا تا وه هه‌وا که‌وت. بو به چه‌پڵه‌ڕێزان!! هات و چۆی منداڵ و خه‌ڵک له ناو فرۆکه هه‌ر باسی ناکرێ، ئی وا بو ده‌چونه دیوی فڕۆکه‌وان!! کۆمێدیایه‌ک بو نه‌بێته‌وه. گه‌یشتینه کوردستان و دیسان موشکیله‌ی نیشتن هاته پێش. دانیشتوانی چه‌ند ڕه‌دیفیان ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ر پێ کرد تاکو لایه‌کی فڕۆکه قورستر بێت و بتوانێ بنیشێ!! به سڵامه‌ت نیشت و له خۆشیان بو به چه‌پڵه‌ڕێزان!!"
ئێستا باشه ئه‌و باسانه نه‌ماوه به‌ڵام خواردنی ناو فڕۆکه و کات، هه‌ر له‌سه‌ر جێی خۆیه‌تی و که‌م و کوڕیه‌کان به‌رده‌وامه.
خوشکێکی تری هاوسه‌رم ده‌گه‌ڵ ژنێکی فینلاندی چالاک له بواری ژنان دا قه‌رار بو ڕۆژی هه‌ینی بڕۆنه ستۆکهۆڵم و بێ چاوه‌ڕوانی،کاتژمێر 11.45 به‌یانی له ستۆکهۆڵم وه‌ڕێ که‌ون و کاتژمێر 18:00 بێنه کوردستان، تێلێفونیان کرد و وتیان فڕۆکه 12 کاتژمێر دره‌نگتر وه‌ڕی ده‌که‌وێ واته 23:45 و ڕۆژی شه‌ممه 6 ی به‌یانی به کاتی کوردستان ده‌گاتێ!!
ده‌بێ خۆیان به‌رنامه‌یه‌ک به‌و 12 کاتژمێره له ستۆکهۆڵم دابنێن و ئێمه‌ش به‌رنامه‌ی ڕۆژی هه‌ینی و شه‌ممه‌مان گۆڕانکاری به‌سه‌ر دا دێ.
(ترسم ئه‌وه ئه‌و ژنه که چه‌ند ساڵه باسی کوردستانی بۆ ده‌کرێ و چه‌ند ڕۆژه بۆ هاتنی ئێره شایی له دڵی ده‌گه‌ڕێ، به‌و فڕۆکه و ... کاری چه‌ند ساڵه‌مان ببێته‌وه هیچ!!)

RojnusGallery

مام قادر

سێ‌شه‌ممه 4.7.2006
چه‌ند ڕۆژێکه خێر و به‌ره‌که‌تی باشوری عێراق، کوردستانی گرتۆته‌وه، ئه‌ویش ته‌پ و تۆزێکی زۆره که دیمه‌نه جوانه‌کانی له‌به‌ر چاو ون کردووه. قه‌ول وا بو ئێواره بۆ هێندێک کار بچمه هه‌ولێر، به‌ڵام پێم نه‌کرا. ده‌گه‌ڵ خوشک و پوری خێزانم، چوینه بازاڕی شه‌قڵاوه.
بازاڕی شه‌قڵاوه‌م وه‌ک "ده‌ربه‌ند" ی تاران و باکوری ئێران دێته به‌رچاو، ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که، که‌بابخانه، شیرینی فرۆشی، به قه‌ولی فارسان ئاجیل و به قه‌ولی عه‌ڕه‌بان چه‌ره‌زات فرۆشی (له‌ فریام که‌ون بۆ نێوه کوردیه‌که‌ی!).. و چراخانی دوکانه‌کان ...
دیمه‌نێکی ئاشنای زۆرده‌م نه‌‌دیوم دیت. قاقا و پێکه‌نینی دوکانداره‌کان، چه‌پڵه‌ ڕیزانی منداڵان به‌دوای پیاوێکی به‌ساڵاچو. مام قادر پیره‌مێردێکی گۆچان به‌ده‌ست، ڕانک و چوغه‌ی خۆڵاوی، موی سینگ به‌ده‌ر، دو سێ ددان له ده‌م، به دوای وتنی " نۆزده"، قه‌ڵس ده‌بو و زۆر شتی بۆ دایکی جه‌ماعه‌ت حه‌واڵه ده‌کرد. ده‌یانگوت دوای هه‌ڵبژاردن، به ژماره‌ی "هه‌وسه‌د و سی"ش قه‌ڵس ده‌بێ (ژماره‌ی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان)!! نه‌مزانی بۆ، به‌ڵام داوام لێ کرد وێنه‌یه‌کی بگرم، قه‌بوڵی نه‌کرد و منیش وازم لێ هێنا. یه‌کێ ئه‌یوت:"خۆی حه‌زی لێیه، خوی پێ گرتووه خه‌ڵک بڵێن نوزده و ئه‌ویش جنێویان پێ بدا، دوێنێ له مزگه‌وت به عه‌رزیان دادا و که‌شیده‌که‌یان لێ فڕێ دا و ..."
تۆ بڵێی مام قادر به ڕاستی شێت بێ یا .. ؟ خۆت به جێی مام قادر دابنێ، بچی بۆ بازار و منداڵ به چه‌پڵه‌ڕێزان یه‌ک وشه به ده‌وره‌تدا دوپات بکه‌نه‌وه، دژ کرده‌وه‌ت چ ده‌بێ؟ له وڵاتانی تر کۆمه‌ڵگا هه‌وڵ ئه‌دا ئه‌وانه‌ی تێک چوون، باشی بکه‌نه‌وه به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، ئینسانی عاقڵ شێت ده‌که‌ن.

RojnusGallery

ڕێگا و بان

یه‌کشه‌ممه 2.7.2006
ئیمڕۆ هاوکارێکمان دره‌نگ هاته‌وه. هۆکاره‌که‌م پرسی، وتی : کاتێ ده‌هاتمه‌وه سه‌ر کار، به ڕێگا "کۆڕێ" دا هاتم، ئه‌و دو کیلۆمیتره‌ی دو ساڵه خه‌لاسی نه‌هاتووه، بو به هۆی شکانی بۆلبرینگی ماشێنه‌که‌م. یه‌کسه‌ر چومه "سه‌ناعی" هه‌ولێر که ناوه‌ندێکی کاری چاک کردنه‌وه‌ی سه‌یاره‌یه. له‌ناکاو ئاسایش ده‌وره‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ی دا و دو ساعه‌تی ڕێک، نه‌یهێشت که‌س وه‌ده‌ر که‌وێ، وتیان :"پێیان ڕاگه‌یاندویین که یه‌کێ له سه‌یاره‌کان ته‌قه‌مه‌نی تێدایه" پاش گه‌ڕانێکی زۆر، سه‌یارێکی ئاگر کوژێنه‌یان دیته‌وه و وتیان دو کیلۆ تی‌ئێن‌تی تێدا بووه. بۆلبرینگی سه‌یاره‌ش هه‌فتا دۆلاری له‌سه‌ر ده‌ست دانام و ئێستا هاتمه‌وه.
جارێکیان به‌رنامه‌یه‌کم دی سه‌باره‌ت به یه‌کێ له وڵاتانی ئوروپایی. ژنێکی شۆفیری نیشان دا خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی شوشه‌ی پاشماوه‌ی خۆ پێکدادانی دو ماشێن بو، ژنه ئه‌یوت:"من وڵاته‌که‌م خۆش ئه‌وێ، ده‌زانم ئه‌گه‌ر سه‌یاره‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و وردکه شیشانه‌دا بڕوا، ته‌گه‌ره‌که‌ی خه‌راب ئه‌بێ، ئه‌وه ده‌بێته دابه‌زانی ئاستی ئابوری وڵاته‌که‌م."
تۆ بڵێی بونی ڕێگا و بانی وه‌ک "کۆڕێ" که له کوردستان که‌م نین، ڕاده‌ی دڵسۆزی کاربه‌ده‌ستانی ڕێگا و بان به وڵات و نیشتمانه‌که‌یان نیشان ناده‌ن؟

RojnusGallery

ده‌رمان / کاره‌با

دوشه‌ممه 3.7.2006
ئه‌وڕۆ خوشک و پورێکی هاوسه‌رم هاتن. قه‌ول وایه بۆ ماوه‌یه‌ک له لامان بن و ئه‌و کاتانه‌ی له ماڵ نین، ئاگایان له منداڵه‌کان بێ. کاتی دوای کارمان، به باس و خواسی خزم و ناسیاو تێپه‌ڕ کرد.
خاوه‌ن ماڵه‌که‌مان کچێکی 9 ساڵانه‌ی هه‌یه که دۆستی کچه‌که‌مه. یه‌ک دو مانگ له‌مه‌و به‌ر، برایه‌کی ژێلی سه‌ری کڕیبو، ئه‌و منداڵه‌ش به دزی،ده‌ستێکی ده‌گه‌یه‌نێتێ و هێندێکی له برۆ و مژۆڵکی ده‌دا. هێنده‌ی پێ ناچێ، موی برۆ و مژۆڵکی ده‌وه‌رێ. ساڵان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ کاری دوکتور و ده‌رمان ده‌ڕۆیشتنه به‌غدا، ئێستا دوکتوری باش له ئێرانن و ئه‌وه‌ی کاری دوکتوری هه‌بێ، سه‌ردانێکی ده‌کا!!! دایکی ئه‌و کچه ده‌ڵێ :"له شه‌قراوه و هه‌ولێر به‌ولاوه، چ شاریم نه‌دیتیه"!!، بۆیه ئێران چونی پێ ناکرێ. باش بو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێم کردبونه‌وه، به خوشکی خێزانم دا هێندێک ده‌رمانیان بۆ ناردن. ئێستا چاوه‌ڕێی ئاکامی ده‌رمانه‌که‌ن.
قسه‌ی خۆمان بێ، با که‌س پێ نه‌زانێ نه‌کا له‌ چاو بچێ! دوای بڕانی زۆری کاره‌با له هه‌وته‌ی ڕابردو، دو سێ ڕۆژێک ده‌بێ ، هه‌ر دو ساعه‌تێک له بیست و چوار ساعه‌ت کاره‌بامان ده‌بڕێ. ده‌ڵێن له زۆربه‌ی شار و گه‌ڕه‌که‌کان، مووه‌للیده (موتوری به‌رق) ی گه‌وره‌یان کڕیون، به ماڵه‌کاندا کاره‌با بڵاو ده‌که‌نه‌وه!! هه‌ر ماڵه‌ش خۆی کابلی به‌رقی بۆ ده‌کێشێ و تا چوار ئامپێر مافی که‌ڵک وه‌رگرتن له کاره‌بای هه‌یه. هه‌ر ئامپێره‌ش مانگانه به شه‌ش هه‌زار دینار (چوار دۆلار).
ئێستا له خوای به‌زیاد بێ، سێ کاره‌بامان هه‌یه: کاره‌بای ڕه‌ییسی (ئه‌وه‌ی حکومه‌ت دابینی ده‌کا)، کاره‌بای گه‌ڕه‌ک (چوار ئامپێره‌که) و کاره‌بای مووه‌للیده (هه‌ر ماڵه‌ی موتوری به‌رقی خۆی هه‌یه). جا وه‌ڵاتم پێ نیشان بده‌ن هێنده‌ی کاره‌با هه‌بێ! کێ بو وتی لێره کێشه‌ی کاره‌بامان هه‌یه؟

RojnusGallery

دوهه‌م وت و وێژ

شه‌ممه 1.7.2006
تێبینی:ئه‌م ڕۆژانه به هۆی کاری زۆره‌وه، شایه‌د نه‌توانم هه‌مو ڕۆژێ ماڵپه‌ڕه‌که نوێ بکه‌مه‌وه. ئیمڕۆ بابه‌تی چه‌ند ڕۆژم له‌سه‌ر یه‌ک بۆ "ڕۆژنوس" ناردووه.
له دوێنێوه چه‌ند جار ده‌گه‌ڵ چه‌ند شوێنێک به تێلێفونی قسه کرا تا کو بتوانم ده‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد، که بۆ بابه‌تی ئه‌منی له ژێر چاوه‌دێری دایه، وت و وێژێک ئاماده بکه‌م. کاتژمێر ده دیاری کرا و بۆ شوێنی مه‌به‌ست ڕۆییشتم. که‌سێک هات و پاش بڕینی چه‌ند شه‌قام و کۆڵانێک، خۆمان گه‌یانده ماڵه‌که‌ی. تا کاتژمێر یه‌کی نیوه‌ڕۆ به‌ڵام بۆ ماوه‌ی دو ساعه‌تی ته‌واو، وت و وێژم تۆمار کرد. پاش نوسینه‌وه‌ی به‌شێک له‌و چاوپێکه‌وتنه، به شێوه‌یه‌کی جیا، ئه‌م بابه‌ته بڵاو ده‌کرێته‌وه.
تکا: له به‌ر‌نامه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌م دا وام داناوه ده‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دار و سکرتێری زۆربه‌ی حیزبه کوردیه‌کان چاو‌پێکه‌وتنم هه‌بێ. ئێوه‌ش ئه‌گه‌ر له‌و باره‌وه پێشنیارێکتان هه‌یه یان له مه‌سئوله‌کان پرسیاری تایبه‌تیتان هه‌یه، ده‌توانن له ڕێی ئی‌مه‌یله‌وه ئاگادارم بکه‌نه‌وه.

RojnusGallery

یه‌که‌م وت و وێژ

هه‌ینی 30.6.2006
ئه‌ورۆ چومه بازاڕی کۆیه. له کتێب فرۆشیه‌ک کتێبم کڕی و له کاسێت فرۆشیه‌ک، سی‌دی‌یه‌کی مامۆستا تاهیر تۆفیق که ده‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر ناوێکی تورکمان به دوقۆڵی خوێندویانه و له‌مێژ بو به دوایدا ده‌گه‌ڕام وه‌ده‌ستم که‌وت. له داهاتودا هه‌وڵ ده‌ده‌م له ماڵپه‌ڕێکدا بڵاوی بکه‌مه‌وه. نیوه‌ڕۆی ئه‌وڕۆ ته‌نیا به مه‌به‌ستی ڕێز لێنان له ژنێکی وێژه‌ری ڕادیۆیه‌کی کوردی، وت و وێژێکم ئاماده کرد. ده‌قی وت و وێژه‌که لا داهاتودا له ماڵپه‌ڕێکدا بڵاو ده‌که‌مه‌وه.